سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان پێشوازی‌ له‌ باڵیۆزی‌ توركیا ده‌كات و جه‌خت له‌سه‌ر هاوكاری‌ وهه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات بۆ رۆبه‌ڕوبونه‌وه‌ی‌ مه‌ترسیه‌كان ده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، پێشوازی‌ له‌ باڵیۆزی‌ توركیا له‌ عیراق به‌ڕێز فاتیح یه‌لدز كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ په‌یوه‌ندی دووقۆڵی‌ نێوان هه‌ردوو وڵات وچۆنیه‌تی‌ به‌هێزكردنی‌ كرا، هه‌روه‌ها باسی‌ پێشهاته‌كانی‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ ومه‌ترسیه‌كانی‌ بواری‌ سیاسی وئاسایش له‌ ناوچه‌كه‌و دۆسیه‌ی‌ هاوكاریكردنی‌ ئاواره‌كان وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان كرا.
سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان جه‌ختی‌ له‌سه‌ر گرنگی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات كرده‌وه‌ وئاماژه‌ی‌ به‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی‌ هێزه‌كانی‌ عیراق له‌موسڵ كرد وگووتی‌ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ توانای‌ عیراقیه‌كانی‌ له‌ تێپه‌ڕاندنی‌ قه‌یرانه‌كان سه‌لماند، ئه‌ویش له‌رێگه‌ی‌ نه‌هێشتنی‌ ناكۆكیه‌كان وپاراستنی‌ ئاسایش و یه‌كگرتوویی‌ وڵات.
هه‌روه‌ها به‌ڕێزی‌ رۆڵی‌ توركیای‌ له‌ پاڵپشتیكردن وهاوكاریكردنی‌ ئاواره‌كان به‌رزنرخاند و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ عیراق خوازیاره‌ توركیا رۆڵی‌ گه‌وره‌تر له‌ دۆسیه‌ی‌ ئاواره‌كان وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كاندا بگێڕێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی‌ توركیا پاڵپشتی وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ عیراق له‌جه‌نگی دژی‌ تیرۆر وپێشكه‌شكردنی‌ هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌ك بۆ ئاواره‌كان وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ ناوچه‌ رزگاركراوه‌كان دووپاتكرده‌وه‌ وله‌هه‌مان كاتیشدا رۆڵی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌ چه‌سپاندنی سه‌قامگیری‌ وڵات به‌رزنرخاند.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com