جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق پێشوازی کرد لە ڕاوێژكاری‌ سیاسی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ به‌ریتانیا له‌ عێراق

ئارام شێخ محه‌مه‌د ڕایده‌گه‌یه‌نێت، په‌رله‌مانی‌ عێراق كار و چالاكییه‌كانی‌ له‌ بواری‌ یاسادانان و چاودێریكردنی‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت و بانگهێشتكردنی‌ وه‌زیره‌كان چڕتركردۆته‌وه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌نگاوی‌ باشی‌ بڕیوه‌.
نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ شاری‌ به‌غداد پێشوازیكرد له‌ (نیكۆلاس ئاڵتۆن) ڕاوێژكاری‌ سیاسی‌ باڵیۆزخانه‌ی‌ به‌ریتانیا له‌عێراق.
له‌ دیدارێكدا دوایین پێشهاته‌ ئه‌منی‌ و سیاسیه‌كانی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان خرایه‌ به‌رباس و له‌وچوارچێوه‌یه‌دا ئارام شێخ محه‌مه‌د باسی كار و چالاكییه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ كرد له‌ بواری‌ یاسادانان و چاودێریكردنی‌ كاره‌كانی‌ حكومه‌ت و بانگهێشتكردنی‌ وه‌زیره‌كان.
له‌به‌شێكی‌ تری‌ قسه‌كانیدا ستایشی‌ ڕۆڵی‌ حكومه‌تی‌ به‌ریتانیای‌ كرد له‌ هاوكاریكردنی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان و ڕایگه‌یاند: به‌هاوكاری‌ به‌ریتانیا و هه‌موو هێزه‌ ئازادیخوازه‌كان هه‌نگاونان به‌ره‌و پاككردنه‌وه‌ی‌ عێراق له‌تیرۆر و توندڕه‌وی‌ له‌هه‌نگاوی‌ كۆتایی‌ نزیكده‌بێته‌وه‌ و هیوادارین بتوانین له‌ڕوی‌ سیاسیشه‌وه‌ ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌تێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ناكۆكی‌ و ململانێ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كان.
لای‌ خۆیه‌وه‌ ڕاوێژكاری‌ بالیۆزخانه‌ی‌ به‌ریتانیا ته‌ئكیدی‌ كرد وڵاته‌كه‌ی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هاوكاریكردنی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان و هیواشی‌ خواست سه‌رجه‌م كێشه‌كان له‌ڕێی‌ دیاڵۆگ و گفتوگۆی‌ دۆستانه‌وه‌ چاره‌سه‌ربكرێن.


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com