له‌میانه‌ی‌ پێشوازیكردنیدا بۆ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا.. سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی‌ چڕكردنی‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ دۆست و دراوسێكان ده‌كاته‌وه‌

سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران دكتۆر سه‌لیم جبوری‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، پێشوازی‌ له‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا به‌ڕێز مه‌ولود چاوش ئۆغلۆ و شاندی یاوه‌ری‌ كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی‌ بارودۆخی‌ سیاسی وئابوری‌ وئاسایشی وڵات و ناوچه‌كه‌ كرا وسه‌رۆك جبوری‌ دووپاتیكرده‌وه‌:” عیراق وتوركیا دوو وڵاتی‌ گرنگی‌ ناوچه‌كه‌ن ورێكه‌وتنی‌ هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌ما گشتیه‌كانی‌ نه‌خشه‌ی‌ رێگا، ده‌رفه‌تێكی‌ گرنگ ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ چه‌سپاندنی سه‌قامگیری‌ و ئاشتی‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و پاڵپشتیكردنی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ و هه‌رێمی‌ بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر”.
هه‌روه‌ها جبوری‌ داوایكرد بیر له‌ قۆناغێكی‌ نوێ له‌هاوكاریكردنی‌ وڵاتان بكرێته‌وه‌ بۆ پاراستنی‌ ئاسایشی ئه‌و ناوچانه‌ و رێگه‌گرتن له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ تیرۆر بۆ مسۆگه‌ركردنی‌ سه‌قامگیری‌ ناوچه‌كه‌و وئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی‌ و دووپاتیكرده‌وه‌:” پێشڕه‌وی‌ هێزه‌كانی‌ ئاسایش له‌ رزگاركردنی‌ ته‌له‌عفه‌رو هه‌موو ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی‌ سه‌ر سنوری‌ نێوان ئێمه‌و توركیادا كاریگه‌ری‌ ده‌بێت بۆ زیادكردنی‌ هاوكاری‌ هاوبه‌ش له‌م دۆسیه‌دا”.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌گرنگی‌ ئه‌نجامدانی‌ گفتوگۆی‌ زیاتر له‌گه‌ڵ دۆست و دراوسێكان كرد به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌ركردنی‌ تێڕوانینی‌ واقیعی بۆ قۆناغی دوای‌ داعش وئاماژه‌یكرد:” گفتوگۆ ده‌بێته‌ هۆی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ راسته‌قینه‌ بۆ كێشه‌كانمان، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ پێكه‌وه‌ به‌ستراون وئه‌گه‌ر به‌رده‌وام ببێت هه‌موومان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین و چاره‌سه‌ركردنیان كاریگه‌ری‌ باشی‌ له‌سه‌ر سه‌قامگیری‌ و گه‌شه‌پێدانی‌ ناوچه‌كه‌ ده‌بێت”.
سه‌باره‌ت به‌ دۆسیه‌ی‌ وه‌به‌رهێنان به‌ڕێزی‌ گووتی‌” پێویسته‌ ده‌روازه‌ی‌ ئابوری‌ وبازرگانی‌ وه‌به‌رهێنانی‌ زیاتر له‌نێوان هه‌ردوو وڵات بكرێته‌وه‌ وهاریكاری‌ له‌مبواره‌دا گه‌شه‌پێدانی‌ ئابوری‌ به‌دوای‌ خۆیدا ده‌هێنێت”، وله‌هه‌مان كاتدا جبوری‌ پاڵپشتیكردنی‌ توركیای بۆ عیراق له‌روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ تیرۆرو پێشوازیكردنی‌ ئاواره‌كانی‌ عیراقی و سوری‌ وپاڵپشتی مرۆڤی‌ بۆ ئه‌وان به‌رزنرخاند.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا پاڵپشتی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ عیراق له‌جه‌نگی دژی‌ تیرۆرو پێشكه‌شكردنی‌ هاوكاری‌ بۆ ئاواره‌كان ودۆسیه‌ی‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ دووپاتكرده‌وه‌، له‌هه‌مان كاتیشدا رۆڵی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌ چه‌سپاندنی سه‌قامگیری‌ وڵاتدا به‌رزنرخاند.

 

 


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com