ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ده‌نگ له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌باره‌ت به‌ گشتپرسی ده‌دات و له‌دانیشتنی‌ داهاتوودا میوانداری‌ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات

ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25/9/2017 له‌ بیست و دووه‌مین دانیشتنی‌ ئاسایی خۆیدا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ دكتۆر سه‌لیم جبوری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن و ئاماده‌بوونی‌ 182 په‌رله‌مانتار، ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌باره‌ت به‌ گشتپرسی هه‌رێمی‌ كوردستان.
له‌سه‌ره‌تای‌ دانیشتنه‌كه‌ سه‌رۆك جبوری‌ تیشكی‌ خسته‌سه‌ر هاتنی‌ ساڵی‌ نوێی‌ كۆچی‌ ویادی‌ عاشورا له‌ مانگی موحه‌ره‌م و شۆرشی‌ ئیمام حوسێن (ر.خ) له‌پێناو حه‌ق و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی‌ زۆرداری‌.
سه‌رۆك جبوری‌ جه‌ختی‌ له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌كانی‌ ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌وڵیاندا قه‌ناعه‌ت به‌ هه‌رێم بكه‌ن بۆ دواخستنی‌ ئه‌و گشتپرسیه‌ له‌ كوردستان به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم به‌پێچه‌وانه‌ی‌ ده‌ستور ئه‌و هه‌نگاوه‌یان نا و ئاشكاریكرد كه‌ په‌رله‌مان هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ ناده‌ستورییه‌ ده‌ربڕیووه‌.
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران داوایكرد هه‌نگاوی‌ جددی ئه‌نجام بدرێت وهه‌موو رێوشوێنی‌ پێویست بگیرێته‌به‌ر بۆ پاراستنی‌ یه‌كپارچه‌یی حاكی عیراق وگووتی‌ ئه‌وه‌ی‌ روده‌دات كاریگه‌ری‌ گه‌وره‌ی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌بێت وپێویسته‌ هه‌موو كارێك بكرێت بۆ رێگه‌گرتن له‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵه‌یه‌كی‌ مێژوویی‌ كه‌ ده‌بێته‌ هۆی‌ دابه‌شكردنی‌ وڵات و دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران خوازیاره‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌كو به‌شێك له‌ خاكی‌ عیراق بمێنێته‌وه‌ وگه‌لی‌ كورد هیچ بڕیارێك نه‌دات كه‌ ببێته‌ هۆی‌ هه‌ڵگیرسانی‌ قه‌یرانی‌ گه‌وره‌.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن قه‌یرانی‌ سیاسی تایبه‌ت به‌ گشتپرسی هه‌رێمی‌ كوردستان تاوتوێكرد و دواتر ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێكی‌ په‌رله‌مانی‌ سه‌باره‌ت به‌و گشتپرسییه‌.
دواتر سه‌رۆك جبوری‌ داوایكرد دووباره‌ داڕشتنی‌ یاسایی بۆ بڕگه‌كانی‌ بڕیاره‌كه‌ بكرێت ودیاریكرد كه‌ سه‌رۆك وه‌زیران به‌شداری‌ له‌ دانیشتنی‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ داهاتووی‌ ئه‌نجومه‌ندا ده‌كات.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێك كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ په‌روه‌رده‌ و به‌هه‌ماهه‌نگی‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ پێشكه‌شكرابوو، تێیدا رێگه‌ به‌ قوتابیانی‌ به‌كالۆریه‌ ده‌درێت تاقیكردنه‌وه‌ی‌ خوولی‌ سێیه‌م ئه‌نجام بده‌ن له‌گه‌ڵ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ باشتركردنی‌ نمره‌ بۆ خوێندكارانی‌ پۆلی‌ شه‌شی ئاماده‌یی.
هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیدا له‌سه‌ر بڕیارێك كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستیه‌وه‌ پێشكه‌شكرابوو سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بڕیاری‌ وه‌زاره‌تی‌ خوێندنی‌ باڵاو توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ تایبه‌ت به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ قوتابیه‌ وه‌رگیراوه‌كانی‌ ساڵی‌ 2016-2017 بۆ زانكۆكانی‌ نزیك شوێنی‌ نیشته‌جێبوونی‌ خۆیان.
دواتر ده‌نگدرا له‌سه‌ر ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ تایبه‌ت به‌ رفێندراوه‌كان.
له‌كۆتاییدا دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ 27/9/2017 هه‌ڵگیرا.

فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق

 


WP2Social Auto Publish Powered By : XYZScripts.com